سەفەرێک بۆ هەرێمی هیوا

سەفەرێک بۆ هەرێمی هیوا

فەرهاد ئەمین‌پوور

۳/۴/۱۴۰۱ هه‌تاوی به‌رانبه‌ر به ۲۴/۶/۲۰۲۲ زایینی

هەولێری ئەمجارە، زیندوویەتی و تەقەلا بێوچانەکەی ساڵانی پێشووی پێوە دیار نەبوو. بڕینی بووجەی هەرێم، کێشەکانی ناوخۆ و ئەو مووشەکانەی کە ماوەیەکە بە بێ هیچ هۆکارێک دڵی پێتەختی هەرێمی کوردستانیان کردۆتە ئامانج، روخسارە رەنگین و گەشاوەکەی ماندوو کردبوو. هەستت دەکرد زەمەن راوەستاوە و چاوەڕێی قەدەرێکی نادیار دەکات. بەڵام دیسان لە ناخی دڵەوە بە بینینەوەی شاری قەڵا و منارە دڵخۆش بووم.

رۆژێک دوای گەیشتنمان، لە رێوڕەسمێکی گەورەدا پەردە لەسەر کۆمەڵە کتێبی “شۆڕشەکانی بارزان” لە ئامادەکردنی کاک “بارام وەلەدبەیگی” لادرا کە هەواڵی رۆژنامەکانی ئێران و بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەسەر شۆڕشەکانی بارزان لە خۆ دەگرێ. لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ٢٥ کەس بووین کە لە لایەن کاک بارامەوە بانگهێشت کرابووین. دیارە کاک بارام کە لە ساڵانی رابردوودا هەوڵێکی زۆری بۆ درووستکردنی پردی پێوەندی لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتدا داوە، مافی خۆیەتی بۆ پەردەلادان لەسەر کتێبەکانی، بە دڵی خۆی میوانەکانی هەڵبژێرێ کە هەر کەسە و لە گۆشەیەکی رۆژهەڵاتەوە هاتبوو، لە ئیلامەوە تا ورمێ. کرماشان و ئیلام زیاترین پشکیان بەرکەوتبوو. بێگومان سەفەر بۆ هەرێمی کوردستان قۆرخکراوی هیچ‌کەس و لایەنێک نییە کە هەندێ بەڕێز وا بە گژی ئەم سەفەرەدا چوون وەک بڵێی ئەم ٢٥ کەسە کارتی سەدان کەسی دیکەیان بۆ سەفەر سووتاندووە و مافی ئەوانیان خواردووە. دەزانین کە ساڵانە دەیان کەس بە بۆنەی فەرهەنگیی جیاوازەوە بانگهێشت دەکرێن و دەچنە هەرێمی کوردستان و سەردانی زانکۆکان و ناوەند و رێکخراوە فەرهەنگییەکان دەکەن. لام سەیرە بۆ دەبێ ئەم سەفەرە لە لای بڕێک کەس ببێتە هۆی تووڕەیی و کەف‌چەراندن و جنێودان. کەسانێک وتبوویان ئەمانە جاشن و کڵاو دەکەنە سەر بارزانییەکان. بەڕاستی بۆ دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەم دەزگا زەبەلاحە ئەمنییەوە نەزانن کێ جاشە و کێ باشە و کێ کڵاو دەکاتە سەریان، بەڵام هەندێ بەڕێزی لای خۆمان ئاگایان لە هەموو ئەم شتانە بێ؟! یان هەندێ دەروێشی تەکیەی سیاسەت کە کاری سیاسی تەنیا بە ئەندامێتی حیزبێک و جنێودان بە حیزبەکانی‌تر دەزانن، بۆ منیان نووسیوە چۆنە رۆژێک دەچی بۆ لای یەکیەتی و رۆژێک دەچی بۆ لای پارتی؟! بۆ ئاگاداری ئەم بەڕێزانە دەبێ بڵێم من لەو کەسانەم کە زیاترین بابەتی رەخنەییم لەسەر هەرێم و یەکیەتی و پارتی بڵاو کردۆتەوە و لە کاتی پێویست‌دا پشتگیریشم کردووەن، چون تەنیا ئەرکی راستەقینەی نووسەران و چالاکانی سیاسی ئێمە هەر ئەمەیە، نە لایەنگری کوێرانە و درێژکردنەوەی شەڕە‌پەڕۆ بۆ ناو رۆژهەڵاتی کوردستان.

مەسعوود بارزانی و نێچیروان بارزانی و مەسروور بارزانی لە رێورەسمەکەدا ئامادە‌بوون و بە دڵێکی گەورەوە قسەکانی “سادق زیباکەلام”یشیان بیست، بەڵام نە وەکوو هەندێ کەسی “کاسە لە ئاش گەرمتر”ی لای خۆمان لە قسەکانی هەڵبەزینەوە و نە دوای ئەو پڕوپاگەندە زۆرەی لە لایەن حیزبە نەیارەکان و سۆشیاڵ‌میدیاوە کرا، شتێکیان وت. پێویستە ئەو بەڕێزانەی کە ساڵانێکە پیشەیان جنێوفرۆشتنە بزانن کە لانیکەم “زیباکەلام”ێکی فارس تا ئێستە دەیان بابەتی لەسەر کوردی باشوور و هەرێمی کوردستان لە رۆژنامەکانی ئێراندا بڵاو کردۆتەوە و بە پێچەوانەی ئەو کوردانەی کە تەنیا لە ژوورە تایبەت و چۆڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کوردایەتی دەکەن، راستەوخۆ پشتگیری رێفڕاندۆمی هەرێمی کوردستانی کرد.

رۆژی دوایی، کاک نێچیروان لە دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بە گەرمی هات بە پیرمانەوە. پێشتر کاک بارام داوای لە من و کاک کامبیز کەریمی کرد کە بە نوێنەرایەتی لە لایەن گرووپەکەوە قسە بکەین. من بە کورتی ئاماژەم بەو هەوڵە بێوچانەی کاک نێچیروان دا کە دوای رێفراندۆمی سەربەخۆیی، بۆ رەواندنەوەی مەترسی و گوشارەکانی سەر هەرێم گرتییە بەر و توانی تا رادەیەکی بەرچاو ئاستەنگەکان کەم بکاتەوە. هەر وەها وتم کە من وەکوو رۆژنامەوانێک پێموایە بیرکردنەوە و رەفتاری سیاسی جەنابت، لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دامەزراوە کە بریتین لە: دیپلۆماسییەکی بە هێز لە دەرەوەی وڵات، گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق و ئاشتەوایی لە ناوخۆی نیشتمان، کە هەر سێکیان گرنگن و لە ئێستەدا جگە لەمانە هیچ چارەسەرێکی‌تر بۆ پرسی کورد لە باشووری کوردستان لە ئارادا نییە. هەروەها وتم ئەگەرچی کۆسپ و تەگەرەی زۆر دێتە سەر رێگەتان و کوردیش زیاتر حەز لە هەڵوێستی توند و ئێحساسی دەکات، بەڵام هیوادارم کە لەم رێگەدا بەردەوام بن و هیچ شتێک دڵ‌ساردتان نەکاتەوە، چون هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەمیشە پێویستی بە سیاسەتێکی عەقڵانییە و هەڵوێستی توند و کێشە لەگەڵ هاوسێکان تەنیا دەسکەوتەکان لەبار دەبات. هەروەها ئاماژەم بەوەدا کە ئێستە بەرەیەکی خوێندەواری گەورە و بەهێزمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە کە بە وردی رووداوەکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەسەنگێنن و سەرەڕای ئەوەی کە رەخنەی خۆیان لەم سیستەمە حوکمڕانییە هەیە، بەڵام بە‌گشتی پشتگیری ئەم ئەزموونە دەکەن. کاک نێچیروان لە وڵام‌دا وتی کە زۆر خۆشحاڵم ئاوا بە وردی ئاگاداری بیرکردنەوە و هەڵس‌وکەتی ئێمەن. هەروەها وتی جگە لەو شتانەی کە ئاماژەتان پێدا چارەسەرێکی ترمان نییە، ئێمە ناچارین هەڵکەوتەی جوگرافی و واقێعی سیاسی خۆمان بە باشی بناسین و بەپێی ئەم واقیعە هەنگاو هەڵبگرین و سیاسەت بکەین.

دوای ئەم دیدارە کە زیاتر لە ٢ کاتژمێری خایاند، بۆ دیدار لەگەڵ کاک مەسعوود بەرەو “مەسیف” ڕێکەوتین. “کاک مەسعوود”یش زۆر بە گەرمی پێشوازی لێکردین. لەم دیدارەدا بەڕێزان جەلال جەلالی‌زادە لە سنە و کامەران رەحیمی لە ئیلام قسەیان کرد و هەرکامیان ئاماژەیان بە هەندێک بابەتی سیاسی و فەرهەنگی دا. ماندوویەتی بە روخساتی کاک مەسعوودەوە دیار بوو. باسی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا و هەندێک لە وڵاتە دراوسێکان کرد و وتی کە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێ. بێ‌گومان جیاوازییەکی بەرچاو لە شێوەی بیرکردنەوە و هەڵوێستی سیاسی نێچیروان بارزانی و مەسعوود بارزانی‌دا بەدیدەکرا. هەر ئەمەش نیگەرانییەکان سەبارەت بە داهاتووی هەرێم زیاتر دەکات.

سەفەری ئێمە دوای بیبینی شار و سەردانی هەندێک شوێن و ناوەندی فەرهەنگی کۆتایی هات. بەڵام دڵم هەر لە هەرێمی کوردستانە و نیگەرانم بۆ داهاتووی ئەم قەبارە سیاسییە کە کورد دوای مێژوویەکی دوورودرێژ لە خەبات و چەوساندنەوە هیوای لەسەر هەڵچنیوە. راستییەکەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەوەندە هەستیار کە رەنگە لەناکاو هەموو شتێک بتەقێتەوە. هەر ئێستە و لەکاتی نووسینی ئەم یادداشتە کورتەدا هەواڵێک بڵاو بووەوە کە گوایە حکومەتی عێراق هێزی جووڵاندووە تا دەست بەسەر بیرە نەوتەکانی هەرێمدا بگرێت. بەداخەوە هەرێمی کوردستان ناوخۆیەکی لێکترازاو و خەڵکێکی ناڕازی و دەیان دوژمنی دەرەکی هەیە کە تا دەروات نیگەرانییەکان زیاتر دەکەن. ئەرکی ئێمە وەکوو کوردی ئەم پارچە لە کوردستان، پشتگیری ئەم بوونە سیاسییە و رەخنەی دڵسۆزانە لە بەڕیوەبەرانیەتی، بێ ئەوەی بچێنە ناو ئەو شەڕە بێ‌سوودەی کە لە ناوخۆ بەرۆکیانی گرتووە و پێگەیان لە بەرانبەر دوژمنی دەرەکیدا لاوازتر دەکات.

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *