کۆبهرههمی “بزووتنەوەی بارزان” گەورەترین پڕۆژەی مێژوونووسی کوردستان لە ئێران چاپ کرا
کۆمەڵە کتێبی ۶ بەرگی “بزووتنەوەی بارزان” لە لایەن ئەنستیتۆی فەرهەنگی کوردستان لە تاران بە هەوڵ و قەڵەمی “بەهرام وەلەدبەیگی” ڕۆژنامەنووس و توێژەری مێژووی هاوچەرخ لە لایەن دەزگای ناوداری “نەشری سالس” چاپ کرا.
“بزووتنەوەی بارزان” ناونیشانی کۆمەڵە کتێبێکی ۶ بەرگییە کە زیاتر لە ۲۳۰۰ بەڵگەی بڵاو نەکراوە لە ئەرشیڤی ناوەندی بەڵگەکانی ئەستەنبووڵ، ناوەندی بەڵگەکانی دیپڵۆماسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناوەندی بەڵگەکانی نەتەوەیی ئێران و بەڵگە بڵاو کراوەکان لە چاپەمەنییەکان و گۆڤارەکانی ئێرانی لە خۆ گرتووە کە لە پێناو پڕۆژەی تۆمار و کۆکردنەوەی بزووتنەوەی بارزان بە هەوڵ و قەڵەمی “بەهرام وەلەدبەیگی” ڕۆژنامەنووس و توێژەری مێژووی هاوچەرخ کۆ کراوەتەوە، تۆمار و توێژینەوەی لەسەر کراوە و خراوەتە بەر دەستی هۆگرانی مێژووی کورد و کوردستان.
ئەم بەرهەمە گرینگە کە بە گەورەترین پڕۆژەی مێژوونووسیی کوردستان دێتە ئەژمار بە کەڵک وەرگرتن لە بەڵگە بەنرخەکان لە ناوەندە بەڵگەییەکان و ئەرشیڤی ئێران و تورکیا لە کۆمەڵە کتێبێکی ۶ بەرگیدا بە دوو زمانی کوردی و فارسی چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کۆمەڵە مێژوونووسییە خەباتەکان و ژیانی سیاسیی سێ کەسایەتی ناوداری کوردستان لەوانە: شێخ “عەبدوالسەلام بارزان”، شێخ “ئەحمەد بارزان” و مەلا “مستەفا بارزانی” لە سەد ساڵی دواییدا لە نێوان بەڵگەکان و لە پێناو خەبات دژی لەبیرکردنەوەی مێژوویی بڵاو کراونەتەوە.
“بەهرام وەلەدبەیگی” بەرپرسی ئەنستیتۆی فەرهەنگی کوردستان لە تاران و نووسەری کۆمەڵە کتێبی ۶ بەرگیی “بزووتنەوەی بارزان” سەبارەت بەم بەرهەمەی بواری مێژوونووسی گوتی: ئەم بەرهەمە کە لە ڕاستیدا گەورەترین پڕۆژەی مێژوونووسی کوردستانە، تیایدا بۆ یەکەمین جار، هەوڵ دراوە بزووتنەوە و هەروەها سێ ڕێبەری کوردەکان لەسەر بنەما و بەڵگەکان، نووسراوە فەرمییەکان و دیوانی ئێران و عوسمانی بخاتە بەر لێکۆڵینەوە و شیکارییەوە. هەروەها هەوڵی داوە تاکوو مۆدێلێکی گشتی و شیاویی پەسەند لە کۆکردنەوە و نووسینی مێژووی کوردستان بە پێی بەڵگەکان بخاتە ڕوو کە لە لایەن توێژەران و مێژوونووسانەوە کەڵکی لێ وەربگیرێت.
بەرپرسی ئەنستیتۆی فەرهەنگی کوردستان لە تاران ڕایگەیاند کە لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەم پڕۆژە گەورە مێژووییە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان و هەروەها لە مانگی گوڵانی ساڵی ۱۴۰۱ی هەتاوییدا لە شاری تارانی پێتەختی ئێران بەڕێوەدەچێت، هاوکات لەگەڵ گەورەترین ڕووداوی فەرهەنگی واتە پێشانگای نێودەڵەتی کتێبی تاران، بە ئامادەبوونی کەسایەتییەکانی زانستی، سیاسی و فەرهەنگی لە ڕێوڕەسمێکدا ڕوونوێنی لێ دەکرێت.
“بر تارک طوفان” واتە “لەسەر ترۆپکی تۆفان” ناونیشانی کتێبێکی دیکەی “بەهرام وەلەدبەیگی” بوو کە بزووتنەوەی مەلا “مستەفا بارزانی” لە ڕوانگەی چاپەمەنییەکانی ئێران و جیهانی خستە بەر لێکۆڵینەوە و شیکارییەوە، کە ئەم بەرهەمە پێشتر لە ساڵی ۲۰۱۶ لە تاران چاپ و بڵاو کرایەوە و هەروەها لە هەمان ساڵدا بە ناونیشانی “کتێبی ساڵی کوردستان” هەڵبژێردرا.
ئەم کۆمەڵە بەڵگە گرینگە کە بۆ یەکەمین جار لەم ئاستەدا بڵاو دەکرێنەوە، ۶ کتێبی بە دوو زمانی فارسی و کوردی لە خۆ گرتووە و بە مانشێتی “بارزان” لە قەوارەیەکی جوان و هەرماندا دیزاین و پێشکەش کراون، کە بریتین لە:
۱ ـ شیخ عبدالسلام بارزان در اسناد ایران و عثمانی در ۶۷۶ صفحه
۲ ـ شیخ احمد بارزان در اسناد ایران در ۹۵۵ صفحه
۳ ـ ملامصطفی بارزانی در اسناد ملی ایران در ۹۳۳ صفحه
۴ ـ شێخ “عەبدوالسەلام بارزان” لە بەڵگەکانی ئێران و عوسمانیدا لە ۱۱۱۹ لاپەڕە
۵ ـ شێخ “ئەحمەد بارزان” لە بەڵگەکانی ئێراندا لە ۹۵۵ لاپەڕە
۶ ـ مەلا “مستەفا بارزانی” لە ڕوانگەی ڕۆژنامەکانی ئێراندا لە ۹۳۳ لاپەڕە