سوپاسنامەی کاک بەهرام وەڵەدبەگی بە بوونەی کۆچی دوایی دایکیانەوە

 

سوپاسنامەی کاک بەهرام وەڵەدبەگی

بە بوونەی کۆچی دوایی دایکیانەوە

 

ماڵئاوایی له دایکم و سوپاسنامەیەک

 

به ناوی خوای بەخشنده و میهرەبان

 

مەنزڵ موبـــــارەک بـێ هەمـتات بـــار بۆ

شەفاخوات رەسووڵ خــاسەی موختار بۆ

بێ زەحمەت جە هەوڵ مەحشەر ئازاد بی

وه لـــــوتـف ئیزەد ڕەحــمانی شــاد بـــی

 

 

کۆچی دوایی دایکی ئازیزم داخێکی دڵتەزین و گران بوو و له خوای بەخشندە و میهرەبان داواکارم بیخاته بەر رەحمەت و دڵۆڤانیی خۆی.

دایکم ژنێکی خەڵک دۆست و دڵسۆز و دایکێکی رەنج کێشی رۆژگارێکی تاڵ و سوێر بوو. ئەو کچی هەواس بەگی نەوەی خالید ئاغا؛ کەسایەتی دیاری بنەماڵەی ئاغهلەرەکانی شاری تەوێڵەی ئەودیوی سنوور بوو و لەگەڵ خانەدانی خاوەن قەدر و مەنزلەتی شێخانی تەوێڵه؛ رەحمەتیی شێخ عوسمانی نەقشبەندی یەکەم، ناسراو بە شێخی سیراجەددین خزمی نێزیک و لە یەک بنەماڵە بوون.

سەدەیەک پێش ئێستا چارەنووس وادەکات باپیرم تەوێڵه به جێ بێلێت و به هۆی دۆستایەتی لەگەڵ جەعفەر سوڵتانی هەورامان له نەوسوود له گوندی نۆریاو له تەنیشت شاری پاوه نیشته‌جێ دەبێت و لەگەڵ باواگەورە و باپیرم؛ قادربەگ و کوزادبەگ پێوەندییەکی خزمایەتی درووست دەکات. ئەو سەردەمە رۆژگاری کەژەوانی بووه، باپیرم ئەسڵەحەیەکی دەبێت به ناوی ماوزەر کە ئەوەنده خۆشی دەوێت، کاتێک دایکم چاوی به دنیا هەڵ دێنێت ناوی دەنێت ماوزەر.

ماوزەرە خوشەویستەکەی دایکم وەک زۆربەی دایکانی ئەو سەردەمە لەگەڵ باوکم ژیانیان تێکەڵاو لەگەڵ رەنج بە سەر بردووە و هەمیشە ئارەزووی خزمەتی خەڵک لایان گەورەتر لەرەنج و ئازارەکانیان بووە و ئێمەیان بەو جۆرە پەروەردە و گۆش کردووه که له خزمەتی خەڵک دا بین. باوک و دایکی رەحمەتیم بۆ یەکجاریش داوایەکیان له ئێمە نەبووە بەڵکوو خۆیان به عیزەتی نەفسەوە ژیانیان بەسەردەبرد. یادیان بەخێر و بەهەشتی بەرین جێگایان بێت.

دایکم ژنێکی دین‌دار و لێهاتووی ماڵە گەورەی هەردوو باپیرەکانم بوو و ئەم ساڵانەی دوایی بە هۆی نەخۆشییەوە هەرچەن رووناکی چاوەکانی بۆ ئێمە فیدا کردبوو بەڵام هەر دایکه زەرێ دەروون دارەکەی رۆژگاری خۆی بوو و یەکجاریش ناشوکری نەکرد و رازی بوو بەو چارەنووسەی کە خوای گەورە بۆی دیاری کردبوو.

باوک و دایکی رەحمەتیم کە ئێستا چوونەتە پەنای دڵۆڤانی پەروەردگار، عاشقی باخ و بناری نۆریاو بوون و له سەر وەسیەتی خۆیان له داوێنی جوان و لە ئەوینگەی دڵان و یادگاری ساڵانی تەمەنیان؛ حەوشەی باخە مێوەکەیان که بەرەی رەنجیان بوو ئەسپردە کران و ئەو خاک و باخەیان کرد به مەنـزڵگەی ئاخرەتیان و زیارتگای دڵی ئێمەش.

پاش ماڵئاوایی دایکم و بینینی پەرۆشی و بەسەرکردنەوەی خەڵک و جەماوەری بەئەمەگ لێرە و لەوێ جێگای خۆیەتی سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی خەڵکی نۆریاو، پاوه، جوانڕو و مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگییەکان، نووسەران و رۆژنامەنووسان و هەروەها کەسایەتییەکانی پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا و کوردانی نیشتەجێی تاران و دۆستانی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی کوردستانی عێراق و نیشتەجێ وڵاتانی ئەرووپایی بکەم کە به شێواز و لەرێگەی جۆراجۆر بەشداری پرسه و سەرەخۆشی بوون؛ به تایبەت سوپاس و پێزانینی بێسنوورمان ئاراستەی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی دەکەین که به پەیامی میهرەبانانه و خەمخۆرانەی، سەبووری و دڵنەوایی و ئارامی به ئێمە بەخشی و لەگەڵ ئەوپەڕی ئەمەگناسیمان بو پێوەندی تەلەفۆنی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی؛ سەرۆک وەزیرانی کوردستان که بەشداری خەم و پەژارەمان بوو.

له پەروەردگاری مەزن داواکارین بتوانین به شادمانی وەڵام دەری دڵسۆزی و ئەمەگناسی و لوتف و میهرەبانی هەموو ئەم ئازیزانه بین. لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و پێزانینمان.

 

لە لایەن بنەماڵەکانی قادری و وەڵەدبەگی.

 

 

بەهرام وەڵەدبەگی ـ تاران

۱۳۹۷/۶/۳- ۲۵/۸/۲۰۱۸

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *